02/06/2026
جەڵتەی مێشکی بێدەنگ (Silent Stroke) یان ئەوەی پزیشکان پێی دەڵێن “جەڵتەی نیشانە نەبوو”، جۆرێکە لە جەڵتە کە بەبێ نیشانە باوەکانی وەک (ئیفلیجی، قورسبوونی زمان، یان خواربوونی دەم) ڕوودەدات. ئەمەش بەهۆی ئەوەیە کە جەڵتەکە لە ناوچەیەکی مێشکدا دەبێت کە بەرپرس نییە لە جووڵە یان قسەکردن.
سەرەڕای ئەوەی پێی دەوترێت “بێدەنگ”، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات نیشانە و گۆڕانکاری بچووک لەسەر کەسەکە جێدەهێڵێت کە پێویستە پێیان بزانین:
نیشانە ناڕاستەوخۆ و بێدەنگەکانی جەڵتەی مێشک:
گۆڕانکاری کتوپڕ لە بیرەوەری: لەدەستدانی کاتیی سەرنج، یان لەبیرچوونی شتی سادە کە پێشتر بە ئاسانی یادت دەکەوتەوە.
تێکچوونی هاوسەنگی بەبێ هۆکار: هەستکردن بە گێژبوون یان ناهاوسەنگی لە کاتی ڕۆشتندا، بە شێوەیەک کە پێشتر نەتسەلماندبێت.
گۆڕانی مەزاج و ڕەفتار: گۆڕانکاری لە کەسایەتیدا، وەک خەمۆکی کتوپڕ، بێتاقەتی، یان قورسی لە کۆنترۆڵکردنی سۆزەکاندا بەبێ هۆکارێکی ڕوون.
قورسی لە جێبەجێکردنی کارە سادەکان: تێکچوونی توانای بڕیاردان، یان قورسی لە جێبەجێکردنی ئەو کارانەی پێویستیان بە پلان دانان یان بیرکاری سادە هەیە.
لاوازییەکی زۆر کەم لە ماسولکەکاندا: ڕەنگە هەست بە بێهێزییەکی کاتی و کەم بکەیت لە دەستێک یان قاچێکدا کە زوو چاک بێتەوە و گرنگی پێ نەدەیت.
کێ زیاتر لەژێر مەترسیدایە؟
ئەم جەڵتە بێدەنگانە زۆرجار لە ڕێگەی گرتنی تیشکی (MRI) یان (CT Scan) بە ڕێکەوت دەدۆزرێنەوە، و زیاتر لەم کەسانەدا ڕوودەدەن:
ئەوانەی کێشەی پەستانی خوێنی بەرزیان هەیە و کۆنترۆڵ نەکراوە.
تووشبووانی نەخۆشی شەکرە.
ئەوانەی ڕێژەی کۆلیسترۆڵیان بەرزە.
کەسانی جگەرەکێش یان ئەوانەی کێشیان زۆرە.
تێبینی گرنگ: دووبارەبوونەوەی جەڵتەی بێدەنگ بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە مێشک و ڕەنگە ببێتە هۆی “سستی ژیری” (Vascular Dementia). ئەگەر خۆت یان یەکێک لە ئازیزانت ئەم گۆڕانکارییە بچووکانەتان تێدا دەرکەوتووە، باشترە سەردانی پزیشکی پسپۆڕی دەمار بکەن بۆ پشکنینی پێویست.