01/10/2012
شاری مه هاباد
مەهاباد یەکێک لە گەورەترین و بەناوبانگترین شارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە. مەهاباد لە ڕووی پێکهاتەی دابەشکاریی وڵاتیی لە ئێراندا وەکوو یەکێک لە شارەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دێتە ئەژمار. خەڵکی ئەم شارە بە زمانی کوردیی سۆرانی و زاراوەی موکریانی قسە دەکەن. زۆربەیان موسڵمان و سونی مەزهەبن. ژمارەی دانیشتوانی ئەم شارە بە پێی سەرژماریی گشتیی جەماوەر و خانووی ئێران لە ساڵی 2011دا، 312,522 کەسە. لە ناودارانی شاری مەهاباد قازی موحەمەد و هەژار و هێمن دەکرێ ناو بەرین. مەهاباد پایتەختی کۆماری کوردستان (کۆماری مەهاباد) بوو
لێکۆڵینەوەکان نیشاندەدەن کە شوێنی ئێستای شاری مەهاباد لە هەزار ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسیحەوە شوێنی ژیان بووە. لەوێدا قەومەکانی بابلی، ماننایی، ئاشوری و ماد دەسەڵاتداریان کردووە. بەڵام نە هەر ئەو شوێنەی ئێستا شارەکەی لێ سازکراوە، بەڵکوو لە باکووری ئێستای شاردا کە لە سەردمی هێرشی ئەسکەندەری مەقدوونی سووتێندرا و وێرانکرا. کاتی دامەزراندی شاری مەهابادی ئێستایی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەفەوییەکان؛ سارەم بەک یەکێک لە میرزادەکانی ساوجبلاغی موکری لە سەدەی ١١ی کۆچی لە نزیکی باکووری چەمی مەهاباد ئەو شوێنەی ئێستا بە "باخی سیسە" و "دەباغیان" دەناسرێت، ئاوەدانییەکی دامەزراند کە دواتر بوو بە شار. دواتر بە بۆنەی پێش هاتنی چەم و لافاوەکانی، شار بەرەو باشوور هات و خانووکان لە نزیکی مەیدانی چوارچرای ئێستا کرانەوە. مەهاباد سەردەمی قاجاڕەکان بەهۆی سەر ڕێگە بوونی بۆ شام هێندێ گەشایەوە. لە ساڵانی ١٩٦٠ تا ١٩٧٠ ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە دەور و پشتەوە کۆچیان کرد بۆ مەهاباد، بۆیە شار گەورە بووە و زۆرێ لە باخەکانی دەوری شار بوون بە جێگەی خانووە نوێکان، بەڵام ناوی باخەکان مایەوە. هەربۆیە ئێستا ناوی بڕێک لە گەڕەکەکانی مەهاباد وشەی "باخ"ی پێوەیە!
لە ڕابردوودا، سەردەمی تورکانی قاجاڕ ناوی شاری مەهاباد گۆردڕاوە بە ساوجبلاغ کە وشەیەکی تورکییە و واتە: "کانیاوی سارد"، لە سەردمەی ڕەزاخان ئەو ناوە گێڕدرایەوە بۆ ناوە مێژوویییەکەی خۆی. بەڵام ئێستاش هێندێ کەس بە سابڵاخناوی لێ دەبەن. بەڵام ناوی مەهاباد وشەیەکە پەیوەندی دار بە ئایینی ماننایییەکانەوە و پێکهاتووە لە دوو وشەی مەهـ و ئاباد، واتە ئەو شوێنەی مانگی لێیە، کە مانگ هێمایەکی پێرۆز بووە لەو ئایینەدا
لە ساڵانی ١٩٠٠ەوە تاکوو ئەم دوایییانە، شاری مەهاباد شوێنی ئاڵۆزی و تێکهەڵچوونی خەڵک و حیزبەکان دەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێرانی بووه. ساڵی ١٩٤٦ کۆماری مەهاباد دامەزرا و لە ساڵانی ١٩٨٠، دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێرانی، حیزبەکانی کۆمەڵە و دێموکرات چالاکیان بووە لەو شارەدا. لە ساڵانی دەستپێکی ١٩٠٠ زیاتری چالاکییەکان عەشیرەتی بووە. هەر سەرۆک عەشیرەتێک بۆ سەندنی مافی لە دەسەڵات هەوڵی داوە و زۆرجار دەسەڵاتی ناوەندی هەر لەو تاکبوونە کەڵکی وەر گرتووە و عەشیرەتەکانی دژ بە ئەک هەڵەژاندووە. لە ساڵی ١٩٤٦ گەورەترین ڕووداوی سیاسی ئەم سەردەمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی و شاری مەهاباد بە تایبەتی ڕوویدا. ئەوەش دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد بوو. قازی موحەمەد و کۆمەڵەی ژ-ک ڕیکخەرانی ئەو بزووتنەوە بوون کە پاڵی بەستبوو بە یەکیەتی سۆڤیەت و بۆ مافەکانی گەلی کورد بەرامبەر بە دەسەڵاتی ناوەندی ئێران وەستابوون. ساڵانی دواتر ، ساڵانی ١٩٧٩ و نزیک بە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دوو بزووتنەوەی جیاواز پێک هات لە شاری مەهاباددا، یەک کۆمەڵە کە حیزبێکی چەپ بوو و ئەوی دی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە هەر پاشماوەی کۆمەڵەی ژ-ک کاتی قازی بوو. ئەو دوو حیزبە لە ساڵانی دوای ١٩٧٩ بەشێکی زۆر لە خەباتەکانی گەلی کوردیان لە ئەستۆ بووه
چەند کەس لە ناودارانی شاری مەهاباد لە خوارەوە هاتوون
سیاسەت
ئەحمەد تۆفیق، سکرتێری گشتیی حیزبی دیمۆکرات.
سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دیمۆکرات، برای مامۆستا هەژار.
قازی موحەمەد، ناسراو بە پێشەوا، سەرۆکی کۆماری مەهاباد.
عەبدورڕەحمان زەبیحی، کەسایەتیی سیاسی و لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژ.ک
وێژە
عەبدوڕڕەحمان شەرەفکەندی، ناسراو بە ھەژار، نووسەر، وەرگێڕ و شاعیر.
قاسم موئەیەدزادە، شاعیر
گیو موکریانی
موحەمەد قازی، وەرگێڕ و نووسەر.
مەلا مارف کۆکەیی، شاعیر
وەفایی، شاعیری کلاسیک
موحەمەد ئەمین شێخولئیسلامی موکری، ناسراو بە ھێمن، شاعیر
مۆسیقا
موحەمەد ماملێ، گۆرانیبێژ.
جەعفەر ماملێ، گۆرانیبێژ، برای موحەمەد.
سەعید ماملێ، گۆرانیبێژ، باوکی موحەمەد و جەعفەر.
عەزیز شاھڕۆخ، گۆرانیبێژ.
میکاییل، گۆرانیبێژ.